(دوور) یان (دۉر) پرسیارێکیش لێرەدایە!


(دوور) یان (دۉر) پرسیارێکیش لێرەدایە!

سەردەمانێک کە هێشتا ڕێنووسی کوردی جێگر نەبوبوو، بۆ جیاکردنەوەی هەندێ دەنگی وەک /ڕ/ لە دەنگی /ر/ کەڵک لە دوو نیشانەی(رر) وەردەگیرا و بۆ نیشاندانی /ڵ/ یان لامی قەڵەو دوو لام (للـ) بەکار دەهات. هەر لەم سەردەمەدا بۆ جوێکردنەوەی دەنگی بزوێنی /ی/ درێژ لە دەنگی بزوێنی /ی/ ی کورت، دوو /ییـ/ بەکار دەهات و بۆ نموونە بۆ ئەوەی بکوترێت کە دەنگی /ی/ لە
«شیر»دا دەنگی درێژە، دەنووسرا  «شییر». هەر بەو شێوەیە نیشانەی /وو/  بۆ دەنگی بزوێنی /و/ی درێژ واتە/û/   دانرا.
بەڵام چون دەنگی بزوێنی /ی/ کورت و درێژ مانایان نەدەگۆڕی و ئاوەڵدەنگ[۱] بوون نەک فۆنێمی[۲] سەربەخۆ کە دوو پیتی سەربەخۆی بۆ دابنرێت، ڕێنووسی کوردی لە ڕەوتی خۆچاککردنی خۆیدا، نیشانەی دوانەیی /ییـ/ لە ملی خۆی داماڵی. هەروەها ڕێنووسی کوردی نیشانەی وەکوو /ڕ/ و  /ڵ/ی بۆ خۆی دانا و نیشانەی دووانیی /رر/ و /للـ/ی لە ملی خۆی کردەوە.
  کۆڕی زانیاریی کورد لە حەفتاکانی سەدەی زایینیی ڕابوردوودا، هەوڵی دا بە دانانی /وَ/ بۆ دەنگی /û/  ، ڕێنووسی کوردی لەدەستی /وو/ ڕزگار بکات. سەرەڕای ئەوەی زۆرێک کتێب بەو شێوەیە چاپ کرا، بەڵام ئەو هەوڵە سەری نەگرت و بە هۆکارگەلێک کە من نازانم چی بوون، نیشانەی /وو/ گەڕایەوە نێو نووسینی کوردی.
مامۆستا هەژار هەوڵی دا لە فەرهەنگی «هەنبانەبۆرینە
»دا، وەفای خۆی بۆ ئەو ڕێچکەیەی کۆڕی زانیاری بنوێنێت و وا بزانم نەیویست دڵی نیشانەی /وو/یش بشکێنێت بۆیە بۆ ئەو دەنگە نیشانەی سەیری /ۇ/ ی بەکارهێنا. ئەو نیشانەیەی مامۆستا هەژار بە جۆرێک بە گەڕانەوە بۆ سیستەمی ئیعراب  لێکدرایەوە و بۆیە پاش هەنبانەبۆرینە نیشانەی (ۇ) بە جیددی وەرنەگیرا و جێگایەکی لە ڕێنووسی کوردیدا بۆ خۆی نەکردەوە.

ئەو میراتە سەرەتاییەی بە دوو پیت نووسینە کە لە (وو)دا بۆمان ماوەتەوە، هەندێک گرفت دروست دەکات و  ئێستا ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە بپرسین ئەگەر هەوڵەکەی کۆڕی زانیاری دووپات بکەینەوە، ئاخۆ چیمان دەست دەکەوێت و چ زیانێکمان وێ دەکەوێت؟ من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو گرفتانەی کە نیشانەی/وو/ دروستی دەکات، بخەمە پێش چاو:
-          نیشانەی /وو/ لە دوو نیشانەی /و/ پێکهاتووە و بێجگە لەوە کە نابێت دەنگێک بە دوو نیشانەی دەنگێکی تر ، بنووسرێت، خودی نیشانەی /و/ خۆی نیشانەی دوو دەنگی ترە! واتە لەکاتێکدا کە لە ڕینووسی کوردیدا نیشانەی (و) نوێنەری دەنگی بزوێنی/u/  لە وشەی«کورت » دایە، هاوکات نوێنەری دەنگی /w/ لە وشەی «وریا»دایە. بەڵام ڕێنووسی کوردی بەوەوە ناوەستێت و بە دووپات کردنەوەی ئەو نیشانەیە ئەرکی نواندنی دەنگێکی تریشی پێ دەسپێرێت.
-          لە کاتێکدا کە دەبێت ژمارەی پیتەکانی وشەی «مێژوو» دەبێت چوار بێت، بەرنامە کامپیۆتێرییەکان بە پێنجی دەژمێرن و تەنانەت خۆیشمان هەر بە دوو /و/ی دەزانین! ئەمە ڕەنگە لەسەر فێر بوونی نووسین و تەنانەت بیرکردنەوەی منداڵان لە پەیوەندیی دەنگ و پیت، کارتێکەریی خراپی ببێت.
-          هەندێ جار دوو دەنگی /uw/  دەکەونە دوای یەکتر و لە دەنگی /û/  جیا ناکرێنەوە. بۆ نموونە ئەو ڕەگی کارانە کە بە /وو/ کۆتایی دێن، وەکوو «بوون » و «چوون »، گەردانی ڕابردووی نیزیک و سادەیان لێک جوێ ناکرێتەوە. «بووم=buwim» «بووم=bûm » یان «چووم=çuwim» لە بەرانبەر «چووم=çûm»دا. هەرچەند لێڵ بوون دیاردەیەکی ئاساییە بۆ نووسین و هەرچەند بۆ ئەم باسە دەتوانین بە «چووگم ، چوومە=çuwim» لە بنزاراوەی تر گرفتەکە چارە بکەین، بەڵام ئیمکانی دروست بوونی گرفت لەلایەن ئەو لێکچوونەوە هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. 
-          نووسینی /وو/ دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری نووسینی کوردی. وەکوو بەڕێز حەسەن سۆران دەیوت ئێمە ڕۆژانە هەزاران /و/ی زیادە دەنووسین. بە بەڵگەهێنانەوەیەکی لەو شێوەیە کە ئێستا لە باشووری کوردستان لە زۆرێک شوێندا، لەجێی «مێژوو» دەنووسن «مێژو» و زۆر بێ‌دەربەستانە ئەوە لەپێش چاو ناگرن کە بزوێنەکانی /وو=û/ و /و=u/ دوو فۆنێمی سەربەخۆن و دوانەی ماناگۆڕی[۳] وەکوو (کوڕ/کووڕ )یان (تور/توور)مان هەیە و بۆمان نییە وەک یەک فۆنێم لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت بکەین.
-          لە شێوەزارەکانی باشووردا، لەوانە کەلهوڕی و گەڕووسی، نیشانەی ( ۊ) یان بۆ  دوودەنگیی[۴] /وی/ داناوە. بۆ نموونە کاتێک کرمانجێکی مەهابادی دەنووسێت «دوور»، شێوەزارەکانی خوارەوە بۆ نواندنی جیاوازیی دەنگەکەی خۆیان لەگەڵ کرمانجیی خواروودا دەنووسن «دۊر»؛ هەرچەند ڕەنگە ئەو دوو دەنگە دوو دەنگی ماناگۆڕ نەبن و بکرێت بە دانانی یەک نیشانە وەکوو /ۉ/ ئەو دوو دەنگە لە یەکتردا کۆ بکرێنەوە. بۆ نموونە کاتێک دەنووسرێت «سۉر» هەر شێوەزارێک وەکوو خۆی بیخوێنێتەوە. (ئەم بەڵگەیە لاوازە)
پێشنیاری من گەڕانەوە بۆ پێشنیارەکەی کۆڕی زانیارییە، بە دەستکارییەکی بچووکەوە: ئەمجارە نیشانەیەکی وەک /ۉ/ لە جێی /وو/  بەکاربهێنرێت. ڕەنگە بەو شێوەیە دەقی کوردی کورتتر ببێتەوە، زەمینەی هەڵەی ڕێنووسی لە ڕۆژنامەوانیدا کەمتر بێتەوە و فێرکردنی نووسینی کوردیش تەنانەت لە ئێستایش ئاسانتر ببێتەوە.
ڕەنگە سەردەمانێک تیکنۆلۆژی خۆی وەکوو بەربەستێک بۆ پێشنیاری چاککردنی ڕێنووس بنواندبایە و لە گرفتی سەختەواڵەیی وەک چاپخانە و ماشێنی تایپدا، ئیمکانەکانی سنووردار بکردبایەت؛ بەڵام ئەمڕۆ تیکنۆلۆژی ڕێگا دەدات لە هەفتەیەکدا بنەمای نەرمەواڵەیی بۆ
جێبەجێ کردنی پێشنیاری لەو شێوەیە دابین بکرێت.

من ئەم باسەم وەکوو بیرخستەوەیەک و پێشنیارێک هێناوەتە گۆڕێ و هاوکات زیانە گەورەکەی ئەو پێشنیارەیشم لەپێش چاوە: لە سەردەمێکدا کە ڕێنووسی کوردی بەرەو جێگیربوون دەچێت، پێشنیاری تازە شڵەژان و ناجێگیری دروست دەکات. ئەوەتا خۆم باسەکەم بە ڕێنووسی باوی ئێستا نووسیوە.




[۱] - allophone
[۲] - phoneme
[۳] - minimal pair
[۴] - diphtong

نظرات

پست‌های معروف از این وبلاگ

بەیتی شێخ مەند و شێخ ڕەش

زمان- پەیوەندیی ڕەگی ڕابوردوو و ڕانەبوردوو لە زمانی کوردیدا ٣

دڵە دامەنی- دیوانی سەید یاقۆی ماهیدەشت، بەشی یەکەم